رێگەی سەرەکی چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی _ وێنە: 964
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بۆ 964: تورکیا نەگەیشتە قەناعەت
شەش مانگی دیکە قەدەغەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکرایەوە
ئەحمەد مستەفا
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا بە ئیمەیڵێک بڕیاری درێژکردنەوەی قەدەغەی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی نارد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە 964ی وت، “تورکیا نەگەیشت بە قەناعەت و شەش مانگی دیکە قەدەغەی سەر گەشتەکانی درێژکردەوە”.
بڕیار وابوو 22.12.2023 قەدەغەی ئاسمانی سلێمانی بۆ گەشتی فرۆکەی هێڵی ئاسمانی و ئەو فڕۆکانەی ئاسمانی تورکیا بۆ سلێمانی بەکاردەهێنن هەڵبگیرێت، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا و تا 22.6.2024 قەدەغەکە لەلایەن تورکیاوە درێژکرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە 23.12.2023، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوەی بە 964 وت، “فڕۆکەخانەی سلێمانی لایەنی هونەری و جێبەجێکارە، بەڵام دەزانین کە لەسەر ئاستی حکومی و سیاسی هەوڵ هەبوون تا قەدەغەی سەر گەشتەکان هەڵبگیرێن، ئەوەش تورکیای نەگەیاند بە قەناعەت پێکردن”.
لەبارەی ئەوەی ئەوان وەک فڕۆکەخانە قسەیان چییە، هیوا موفتی وتی، “هەموو رێکارە هونەری و خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە بێ گرفت بەڕێوەدەچن، وە سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکەی فڕۆکەوانی لەسەر کاری خۆیان بەردەوامن، وەک تورکیا ئەسبابی سیاسییە دەبێت خۆی بگات بەو قەناعەتەی گەشتەکان دەستپێ بکاتەوە”.