سێ یەكەمەكانی  كوردستان بە دروشمی “کوا بەڵێنەکانی هەزارجار” خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

 +964

مریەم ئەحمەد – هەولێر

 جارێکی دیکە، سێ یەکەمەکانی هه‌رێمی كوردستان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکان لە حکومەت دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە چواری کانونی دووەمی 2023، سێ یەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگەکان، لە سەرتاسەری هه‌رێمی كوردستان، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران بە دروشمی کوا بەڵێنەکانتان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.  

سێ یەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگەکانى هه‌رێمی كوردستان لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2022، ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەبێت.

بەهزاد عومەر، یەکێکە لە سێ یەکەمەکان بە +964ـی وت “داوای مافی سەرەتایی خۆمان دەكەین كە دامەزراندنمانە، ناکرێت دوای 16 ساڵ خوێندن داوای بەرهەمەكەی خۆمان بكەین”.

یەکێکی دیکە لە دروشمەکانی خۆپیشاندەران ئەوە بوو “ئەگەر یەكەمەكانتان نەوێت وڵات چۆن پێش دەكەوێت؟”.

كاروان علی، نوێنەری سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان قسەی بۆ +964 کردووەو باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2017ـەوە خوێندنیان تەواو کردووە، تاوەکو ئێستا کە ساڵی 2023ـیە، بەردەوام دێینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و تەنیا یەک داوامان هەیە کە دامەزراندنە.

زیاتر وتيشی “بە داتا لە لامانە کە لە 17ـی ئەیلولی 2022 حكومەتی عێراقی ئەم كەیسەی جوولاندوە، لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2022 داوای لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە ناوەكانیان بۆ بنێردرێت بە مەبەستی دامەزراندن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم نووسراوەی ئێمە بزرە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ نووسراوەکەیان رەوانە کردووە، کەچی حکومەتی عێراق دەڵێ نەگەیشتووە”.

 نیان لوقمان، یەکێکە لەو خوێندکارانەی وەکخۆی دەڵێ لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لەسەر ئاستی زانكۆی هەڵەبجە دووەم بووە.

نیان، لەگەڵ خوێندکارەکانی دیکە لە هەڵەبجەوە هاتووە، بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکە، دەڵێت: هاتوین بۆ هەولێر تاوەكو داوای سەرەتاترین مافمان بكەین كە ئەویش دامەزراندنە.