خەریک بوو یاریدەدەرێکى زامدار بکات

ریاڵ مەدرید راهێنەرى ئالاڤێسى شێت کرد

964+

وریا فەتاح

گۆڵە کوشندەکەى ریاڵ مەدرید، پەتى ئارامى راهێنەرى ئالاڤێسى پساند و وەک شێت پەلامارى دەوروبەریدا و زۆرى نەمابوو یاریدەدەرێکى زامدار بکات و ساردکەرەوەیەکیشى شکاند.

شەوى رابردوو، لە یارییەکانى گەڕى 18ى خولى یانەکانى ئیسپانیا، ریاڵ مەدرید و ئالاڤێس روبەڕوى یەکترى بونەوە، ریاڵ لە سەرەتاکانى گێمى دووەمەوە بەهۆى کرانەدەرەوەى ناچۆ فێرناندێز بە 10 یاریزانەوە بەردەوامى بە یارییەکەیدا، بەڵام لە کۆتا هەناسەى یارییەکەدا و لە خولەکى 92، لۆکاس ڤاسکێس گۆڵى بردنەوەى تۆمارکرد.

گۆڵەکە خۆشى و ئاهەنگى خستە ناو هاندەران و یاریزانانى ریاڵ، بەڵام بۆ لویس گارسیاى راهێنەرى ئالاڤێس دۆخەکە پێچەوانەبوو، چونکە بە توڕەییەکى زۆرەوە ناڕەزایەتى دەربڕى و بە شەقێک ساردکەرەوەیەکى شکاند و دواتر پەلامارى یەکێک لە یاریدەدەرانیدا و توڕەیى خۆى تێدا خاڵى کردەوە.

راهێنەرەکە بەوەوە نەوەستا و کوڵاوەکەى لەسەرى کردەوە و پاڵتۆکەى دانا و چووە شوێنى دانیشتن و رەفتارى شێتانەى دەکرد.

توڕەیى راهێنەرەکە بوو بە باسوخواسى سۆشیاڵ میدیاکان و لە وەڵامى ئەو رەفتارەیدا دەڵێت: کاتێکى سەخت بوو، ئێمە خۆمان بردنەوەمان پێشکەشى ریاڵ کرد و نەمانتوانى سوود لەوە ببینین کە بە 10 یاریزانەوە رووبەڕوومان بونەتەوە.

رۆژنامەى مارکاى ئیسپانى لە زارى راهێنەرەکەوە بڵاوى کردووەتەوە کە گارسیا نەیتوانیوە دیمەن و گرتەکانى توڕەبوونەکەى ببینێتەوە، چونکە پێى وابووە رەفتارێکى شێتانەى ئەنجامداوە.

ئەمشەو یەکەم و دووەمی ئیسپانیا یاریی گرنگیان هەیە

ئەمشەو یەکەم و دووەمی ئیسپانیا یاریی گرنگیان هەیە