مامۆستایانی خۆبەخش بایکۆتیان راگەیاند
+964
کاروان سالحی – کەرکوک
لە دژی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، جارێکی دیکە مامۆستایانی خۆبەخش بایکۆتی دەوامی قوتابخانەکانیان راگەیاند، داوا دەکەن بکرێن بە مامۆستای گرێبەست.
لە ماوەی مانگێکدا، ئەوە دووەمجارە خۆپیشاندانی ماموستایانی خۆبەخش لە کەرکوک، ئهنجام دهدرێت، ئەوان دەڵێن بەهەمان شێوەی مامۆستای هەمیشەيی دەوام دەکەن وانە دەڵێنەوە، تەنیا داواکارییان ئەوەیە بکرێن بە گرێبەست نەک دامەزراندن.
مامۆستایانی خۆبەخش، گردبوونەوەکەیان بردە بەردەم بینای پەروەردەی کەرکوک، دەڵێن ئیتر ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن چیتر وانە ناڵێینەوە تا نەکرێین بە گرێبەست.
+964 زانیاری ئەوەی لە نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ وەرگرتووە کە ژمارەیان 700 مامۆستا دەبێت، بەسەر قوتابخانەکانی ناو شار و گوند و قەزاو ناحیەکان دابەشکراون.
شەرمین محەمەد، یەکێکە لە مامۆستا خۆبەخشە بەشدارەکانی گردبوونەوەکە، قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ: دوو ساڵە بە خۆبەخش وانە دەڵێمەوە، کەچی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە تەنیا مامۆستایانی خۆبەخشی ساڵی 2020 بکرێت بە گرێبەست.
وتيشی “ئەمەش ناحەقییە لەدژی ئێمە دەکرێت، بۆیە بڕیاری بایکۆتمان بۆ ماوەی سێ رۆژ داوە تاکو ئێمەش بکرێن بە گرێبەست”.
لای خۆیەوە حەنان عەلی، کە یەکێکی دیکەیە لە مامۆستايانی خۆبەخش بە 964+ـی وت “ئەمڕۆ خۆپیشاندانمان کرد، سبەی بەهەمان شێوە دێینەوە، هەفتەی داهاتووش هەر خۆپیشاندان دەکەین تاکو دەکرێن بە گرێبەست”.
ناڕەزایەتی ئەو مامۆستایانە دوای بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دێت کە مامۆستایانی خۆبەخشی کرد بە گرێبەست، ئەوانەی ساڵی 2020 و پێشتر مامۆستای خۆبەخش بوونە، بڕیارەکەش ئەو مامۆستایانەی نەگرتەوە کە دوای 2020 وەک خۆبەخش لە ناوەندەکانی خوێندن دەوام دەکەن.