سەندیکای پارێزەران: ململانێی سیاسی هۆکارە کە ناتوانین کۆنگرە بکەین

964+

فەهمی نەبی – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی کانونی دووەم، رۆژی پارێزەرانە لە هەرێمی کوردستان، کە سەندیکاکەیان زیاتر لە 13 هەزار ئەندامی هەیە، نەقیبەکەشیان دەڵێت، ململانێی سیاسی ناهێڵێت کۆنگرە بکەن.

لە 3ی کانونی دووەمی 1993، پەرلەمانی کوردستان دانی نا بە دامەزراندنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لەو رێککەوتەوە، هەموو ساڵێک وەک رۆژی پارێزەران لە هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە.

دەبوو تا ئەمڕۆ سەندیکا سێ هەڵبژاردنی بکردایە، بەڵام نەقیبی سەندیکا دەڵێت، “ململانێی سیاسی هۆکارە کە ناتوانین کۆنگرە بکەین”.

بەختیار حەیدەر، کە لە ساڵی 2013ەوە نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانە، بە +964ی وت، “سەندیکای پارێزەران لە ساڵی 2013ەوە هیچ کۆنگرەیەکی ئەنجامنەداوە، بەپێی پەیڕەوی سەندیکا، هەموو سێ ساڵ جارێک دەبێت کۆنگرە ئەنجام بدرێت”.

سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، پێنج لقیان لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک هەیە.