“سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان”

عادل کانەبی

ئەمڕۆ دووشەممە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق سەرۆکی رەوتی سەدر بە تویتێک سوپاسی هەوادارەکانی کرد.

موقتەدا سەدر لە تویتەکەی زۆر قسەی نەکرد تەنیا هاشتاگێکی دانا و نووسی،”سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد و بایکۆتیان کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە سەرتاسەرى عێراق، بێجگە لە پارێزگاکانى هەرێم، دەستیپێکرد کە تێیدا 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافیان هەیە لە دەنگدانی گشتییدا دەنگبدەن، لەو ژمارەیە 868 هەزار و 901 دەنگدەر لە پارێزگاى کەرکوکە.

هاوکات، پێنج هەزار و 904 کاندید بەشدارى بردنەوەى 275 کورسى دەکەن، لەو ژمارەیە 254 کاندید کە لە 187 پیاو و 67 ژن پێکهاتوون، کێبڕکێى بردنەوەى 16 کورسى دەکەن کە یەکێک لە کورسییەکان، بۆ کۆتاى پێکهاتەکانە.

کورد لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە پێنچ لیست بەشدارە و بە تێکڕا 72 کاندیدیان هەیە و واپێشبینى دەکرێت زۆرینەى کورسییەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکە ببەنەوە.

لە دواى پڕۆسەى ئازادى عێراقەوە، ئەمە چوارەم خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانە و لە دواى 10 ساڵى رابردوشدا، یەکەمجارە بەڕێوەدەچێت.

“سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان”