لە مۆسکۆ ئامادەکاریی بۆ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەکرێت
964+
بەهرە محەمەد ئەمین – هەولێر
وەزارەتی رۆشنبیری ئامادەکاریی دەکات بۆ بەڕێوەچوونی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە مۆسکۆ.
بڕیارە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت.
بۆ ئەو مەبەستە، ئەمڕۆ وەزارەتی رۆشنبیری و دارایی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانیان ئەم بابەتە بووە.
هەریەک لە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری، ئاوات جەناب، وەزیری دارایی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، کە بەگوێرەی راگەیەندراوەکەیان، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم سەرخستنی پڕۆژەکانی وەزارەتی رۆشنبیرى بووە.
نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری بە 964+ی وت، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا لە لایەن گروپە کوردییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، هی وەزارەتی رۆشنبیری نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ساڵی رابردوو، جگە لە هاوکارییەکی مادیی، وەزارەت بە وتارێکی ئۆنڵاین بەشداربووە لە فێستیڤاڵەکەی مۆسکۆ.
هاوینی 2021 و 2022 خولی یەکەم و دووەمی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوون، کە بە قسەی نامیق هەورامی بە فەرمی لە لایەن حکومەتی روسیاوە لە لیستی چالاکییە فەرمییەکانیان بڵاوکراوەتەوە.
لەو فێستیڤاڵە چەندین فیلمی کوردی کورت و درێژ نمایش دەکرێن، ئەوە جگە لە ژمارەیەک دۆکیۆمێنتاری کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداری دەکەن.