بەردی بناغەکەشی رووخاوە
نەخۆشخانەیەکی رواندز ماوەی 10 ساڵە هەر بەردی بناغەیە
964+
ئاکام غەفور – رواندز
ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەک لە رواندز داندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرد نەخراوەتە سەر بەرد و کارەکانی دەستیپێنەکردوە.
لە ساڵی 2013 بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار، لە بانەزێوک بەردی بناغەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە دانرا کە بڕیار بوو 50 قەرەوێڵەی هەبێت، بەڵام ئێستا بەدی بناغەکەشی رووخاوە.
هاوڵاتیانی رواندز داوای دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەکەن، لایەنە بەرپرسەکانی شارەکەش دەڵێن چەند جارێک داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ دەستپێکردنی کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەکە.
لەسەر ئەو پرسە، ئەحمەد قادر قایمقامی رواندز بە 964ـی وت، “بەهۆی قەیرانی دارای کارەکانی دروست کردنی نەخۆشخانەکە وەستا، داواکاریمان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی کردوە کە پێویستە کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەستپێبکاتەوە”.
“بینای نەخۆشخانەی گشتی رواندز بالەخانەیەکی کۆنە پێویستمان بە بینای نوێ و سەردمیانە هەیە”، ئەحمەد قادر وای وت.
محەمەد عەلی دانیشتویەکی رواندزە بە 964ـی وت، “نەخۆشخانەی پێویست لە رواندز نییە، ئەگەر کەسێمان نەخۆش بکەوێت ناچارین بچین بۆ سۆران”.
هێرش قادر هاوڵاتیەکی رواندزە، بۆ 964 وتی، “رواندز پشتگوێخراوە، ژمارەیەک زۆر گوند لەسەر رواندزن و پێویستما بە نەخۆشخانەیەکی گونجاوە بۆ شارەکە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر