بەهۆی سەری ساڵەوە 10 رۆژ پشوویانە

هاتوچۆی هەولێر دەڵیت سەردانمان مەکەن لە کاتی پشوو

964+
ئەحمەد شەمزین

هاتوچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران و ئەو کەسانە دەکات مامەڵەیان هەیە لەكاتی پشوو سەردانی بەرێوەبەرایەتیەكە نەكەن.

هاتۆچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەهۆی کۆتایی هاتنی ساڵ لە رۆژی پێنجشەممەوە واتە رێکەوتی 21.12.2023 کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆوە راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان تا 2.1.2024 لە گشت بەش و هۆبەکان رادەگیرێت.

هێمن حەمەدەمین وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی رایگەیاند، داوا لەهاوڵاتیان دەکەین لەو ماوەیەدا کە دیاری کراوە سەردانیان نەکەن، ئەوەشی مامەڵەکەی دوا دەکەوێت خەمی نەبێت بۆوی قەرەبوو دەکرێتەوە.

وتیشی، ئەو مامەڵانەی وەک بەسەر چوونی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و مۆڵەت و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل ئەگەر کەوتە ئەو ماوەیە بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە کە دەوام کرایەوە بۆیە هیچ کەسێک تووشی سزای پێبژاردن نابێتەوە بەهەۆی دواکەوتنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی