جەما لالش ئاوەدان دەکاتەوە

جەژنەکە حەوت رۆژ دەخایەنێت

میدیازان – هەژین فاتیح – دهۆک

ئێزدییەکان چوونەتە لالش – میدیازان

ئەم چەند رۆژە جەژنی جەمای کوردانی ئێزدییە، سەدان کوردی ئێزدی دەچنە پەرستگای لالش و شوێنە پیرۆزەکانی ئاینەکەیان لە قەزای شنگال.

لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی دەستپێدەکات و 7 رۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا سەدان کوردی ئێزدی دەچنە پەرستگای لالش.

پەرستگای لالش لە ناو دۆڵێكی نیمچە سەختدایە بە دووری ١٢ کیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك.

جەژنی جەما، درێژترین جەژنی کوردانی ئێزدییە،  چەندین رێوڕەسمی ئایینی تایبەت بە ئاینەکەیان لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچێت و کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان روو لە پەرستگەی لالش دەکەن.

دەروازەی پەرستگای لالش – میدیازان

ئێزیدییەکان لایان وایە ھیچ نەبێت دەبێت جارێک سەردانی لالش بکەن، ئەمەش ھاوشێوەی حەجی موسڵمانان وایە و بەزۆری دەکەوێتە کاتی جاژنی جەما. ئێزدییەکان لە کاتی چوونە لالش سەردانی گۆڕەکەی شێخ ئادی کوڕی موسافر دەکەن.

شێخ ئادی کوڕی موسافیری لە ساڵی 1070 بۆ 1162 ژیاوە و لە وڵاتی لوبنان لەدایک بووە، بەلای ئێزدییەکانەوە شێخ ئاد یەکێکە لە پیرۆزترین کەسایەتییەکانی ئاینەکەیان و بە دامەزرێنەری ئایینی ئێزیدی ناسراوە.