وتەبێژی حکومەتی هەرێم وادەڵێت

بەرامبەر بەغدا سەبرمان نەماوە و دوای سەری ساڵ بڕیاری دیکەمان دەبێت

964+

فەهمی نەبی

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی رایگەیاند، “دوای سەری ساڵ وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغدا، بەڵام بەجۆرێکی دیکە دەچینەوە بەغدا و سەبرمان نەماوە و بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دەچینە بەغدا”.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی رایگەیاند، ئەوەی لەگەڵ هەرێم دەکرێت لە ئاین و پرەنسیپ و مافی مرۆڤ لەگەڵ هیچ بنەمایەک یەکناگرێتەوە، بەغدا هیچ نیەتێکی جدی نییە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە.

وتەبێژی حکومەت دەڵێت، دان بەخۆداگرتنی هەرێم لە کۆتایی نزیک بووەتەوە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتمان ناردووە و یەک دۆلار نەگەڕاوەتەوە، هیچ پابەندیەکمان نەبینیوە.

مانگانە هەرێم داهاتی 300 ملیار دینارە،ئەو پارەیە هەمووی بەکاش لەبەردەستی حکومەت نییە، کۆی تێچووی بەڕێوەبردنی حکومەت بەو پارەیە دەکرێت، بەکۆی گشتی حکومەت 120 ملیاری بە کاش دێتە دەستی حکومەت. وتەبێژی حکومەتی هەرێم وا دەڵێت.

ئەوەشی وت، بیانووی نابەجێ دەخرێتە بەردەم شاندی هەرێم، خەمساردن و بەرامبەر ئەو سیاسەتە سەبرمان سنوردارە.

لەبارەی قەرزی کارەبا وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، 13 ملیار دیناری قەرزی کارەبا لای هاوبەشانە، سیستمی پریپەید وەک خۆی دەبێت و ناگۆڕێت.

لەبارەی نەوتی سپی پێشەو هەورامانی دەڵێت، لە 15.11.2023 بەغدا نەوتی سپی بۆ هەرێم نەناردووە، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، وتەبێژی حکومەت دەڵێت، تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.