تانکییەکی غازی LPG لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی سلێمانی - وێنە: 964
هەر لیترێک 25 دیناری چووەتەسەر
لە سلێمانی غازی LPGـی ئۆتۆمبێل گران بووە
پێشەوا محەمەد
لەناو بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی هەر لیترێک غازی LPGـی ئۆتۆمبێل 25 دینار گران بووە و لە 550 دینارەوە بووە بە 575 دینار.
964 لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە دەزانێت، هۆکاری گرانبوونی نرخی غازی ئۆتۆمبێل بازرگانەکانن کە خۆیان نرخ دیاری دەکەن.
بە پێی بەدواداچوونێکی 964، لە مانگی هەشتەوە تا ئێستا هەر لیترێک 175 دینار گران بووە.
عیرفان ئەحمەد، خاوەنی بەنزینخانە لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، چەند رۆژێکە نرخی غازێ LPGـی ئۆتۆمبێل 25 دیناری چووەتەسەر و پێشبینیش ناکات هەرزان ببێتەوە.
ئەو خاوەن بەنزینخانەیە وتی، “زۆرجار بەرزبوونەوەی نرخ بە هۆکاری ئەوە روو دەدات غازەکە کەمە و زۆری لێ هەناردە دەکرێتە دەرەوە و بەنزینخانەکانیش بە نرخی گرانتر دەستیان دەکەوێت”.
بە هۆی گرانیی نرخی بەنزینەوە، زۆرێک لە شۆفێران سیستمی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەنزینەوە کردووە بە غاز و زۆرینەی بەنزینخانەکانیش ئەو غازەیان هەیە.