راوە ماسی لە بەنداوی دێوانە قەدەغە کرا
+964
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
راوکردنی ماسی لە بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان قەدەغەکرا، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت دوای ساڵێک و سێ مانگی دیکە قەدەغەکە هەڵدەگیرێت چونکە بەنداوەکە تازەیە.
سلێمان سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964+ی راگەیاند، “بەپێی پێوەری سامانی ئاژەڵ، هەر بەنداوێک کە تازە دروست دەکرێت دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ راوە ماسی تێیدا قەدەغە بکرێت بۆ ئەوەی ماسییە بچووکەکان گەورە بن.”
لە ساڵی 2010 بەردی بناغەی بەنداوی دێوانە دانرا و لە ساڵی 2020 تەواو بوو، لە مانگی ئازاری ساڵی 2022 دەستکرا بە گلدانەوەی ئاو تێیدا.
بڕیاری قەدەغەکردنی راوە ماسی لە بەنداوەکە دوێنێ دوو شەممە دەرچوو، ئەویش لەدوای کۆبوونەوەیەک لەنێوان قائیمقام و لێپرسراوی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان و وتوێژ لەگەڵ داواکاری گشتی قەزاکە.
“راوچییەکان ماسییە بچووکەکانیشیان لەنێو دەبرد، ئێمەش بۆ رێگریکردن لەوە قەدەغەمان راگەیاند و پەنجە ماسی بۆ دەهێنین، تا یەک دوو ساڵی دیکە بۆ ئەوەی بەنداوەکە دەوڵەمەند بێت بە سامانی ماسی،” سلێمان سەعید وای وت.
قائیمقامی قەزای دەربەندیخان دەشڵێت، راوچییەکان دەڵێن ماسی لە بەنداوەکانی دیکەدا کەمبووەتەوە، بۆیە بەڵێنیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ وەرگرتووە ئەمساڵ پەنجە ماسی بۆ بەنداوی دێوانە و بەنداوی دەربەندیخان دابین بکرێت.
بەنداوی دێوانە دەكەوێتە باشووری قەزای دەربەندیخان، 42 مەتر بەرز و 260 مەتر پانە، تێچووی دروستكردنی 24 ملیار دینار بووە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.