باس باسی تەمە رەساسییەکەیە

هەڵکەوتەی سلێمانی تەمە رەساسییەکەی بۆ دروستکردووە

964+
ئەحمەد مستەفا

چەند رۆژێکە باسی و خواستی ئەو تەمەیە کە بەسەر شاری سلێمانییەوە دەبینرێت کە لای هەندێک بە تەمە رەساسییەکە ناودەبرێت، پسپۆرێکی ژینگە دەڵێت، بەهۆی جیاوازی زۆری پلەی گەرما دروستبووە و سەرچاوەی کۆبوونەوەشی گازەکان و دوکەڵی کارگەکانن.

ئامانج عومەر، پسپۆڕی ژینگە پێی وایە، تەمەکە بەهۆی سروشتی ناوچەکە و جیاوازی پلەی گەرما درووستبووە، لەگەڵ بوونی ئەو گازانەی لە ئەنجامی چالاکی رۆژانەی مرۆڤ و پێویستییەکانیان وەک، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل، بەکارهێنانی سۆپا ، مۆلیدە و دوکەڵی کارگە بچووک و گەورەکان دروستبووە.

دیاردەی پێچەوانەوە بوونەوەی گەرمی چییە ؟

ئەمڕۆ یەکشەممە 10.12.2023 ئەو پسپۆرە ئەوەی بە 964 وت، لە رۆژەکانی زستان کاتێك روودەدات کە ئاسمان ساماڵ دەبێت و جیاوازی پلەی گەرمی شەو رۆژ زۆر بێت، لەو ناوچانەی کەوا لە دۆڵدان وەک شاری سلێمانی کە چواردەوی شاخە زۆرتر دەبینرێت.

کاتێک کە دوکەڵێک هەیە و بەشێوەی ئاسۆی بڵاوبووەتەوە لە بری ئەوەی بە ستوونی بڵاو بێتەوە، بەهۆی دروستبوونی چینک لە هەوای گەرم کە لەشەودا زەوی ئەو گەرمییەی کە بە ڕۆژ وەریگرتووە زۆر زوو دەیداتەوە، کە چینە هەوا گەرمەکە وەک سەقفێکی وایە و نایەڵێت دووکەڵ و هەوا پیسەکان بەرزبێتەوە.

ئەمە کاتێک روودەدات، کە لە شەودا هەوای سارد لە شاخەکانەوە دێتە خوار و پاڵ بە هەوای گەرمی ناوچەکانی خوارەوە دەنێ، کاتێ دەگاتە چینێکی بەرزتر تووشی هەوایەکی ساردتر دەبێ و هەوا گەرمەکە لەوێ قەتیس دەبێت و وەک چینێکی رەساسی دەردەکەوێت.

ئەو وێنەیەی پسپۆرەکە شیکاری لەسەر کردووە:

+964صورة من منصة (شبكة):