زیاد لە 19 هەزار منداڵ گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن
+964
فەهمی نەبی-هەولێر
لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم 19432 منداڵ گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن، بۆ ئهمساڵیش 6579 منداڵ لهو پرۆسهیهدا سوودمهندبوون.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 ژمارەی ئەو منداڵانەی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن 8208 منداڵ بووە، بەڵام ئەو رێژەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 کەمی کردووە، بەجۆرێک ئەو منداڵانەی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن بۆ ئەو ساڵە 4645 منداڵ بووە.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ دووشەممە دووی کانونی دووەم بە 964+ی وت: “وەزارەتی پەروەردە، ساڵانە پرۆسەی گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ خوێندن ئەنجام دەدات، بۆ نموونە لە ماوەی ئەمساڵی خوێندنی 2022-2023، ژمارەی ئەو منداڵانەی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن گەیشۆتە 6579 منداڵ”.
ساڵانە وەزارەتی پەروەردە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی- گهڕانهوه بۆ قوتابخانه، Back to School هەوڵی گەڕاندنەوەی منداڵانی دابڕاو لە خوێندن دەدات.
بە قسەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەم پرۆسەیە بە هاوکاری هەریەکە لە دەزگهی خێرخوازی بارزانی، رێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان، دەزگهی روانگه، رێکخراوەکانی یونسێف و یونسکۆ و ئینتەرسۆرس ئەنجام دراون.