هه‌ولێر پێشه‌نگی خولی پله‌ یه‌كی كوردستانی گرتووه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی كوردستاندا، یانه‌كانی هه‌ولێر، بازیان و برادۆست بردنه‌وه‌یی نوێیان تۆمار كرد، یانه‌ی هه‌ولێریش پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرتووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دووی كانوونی دووه‌م، یارییه‌كانی گه‌ڕی نۆیه‌می خولی پله‌ یه‌كی كوردستان ده‌ستیپێكرد و سبه‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ به‌هێزترین یاریی ئه‌مڕۆدا، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ 1-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی پیشه‌سازیی برده‌وه‌، كه‌ دانا عوسمان له‌ خوله‌كی 90+5 تۆماری كرد.

هه‌روه‌ها یانه‌ی بازیان به‌ 2-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی سێمێلی برده‌وه‌ و سێ خاڵی به‌ده‌ست هێنا.

هه‌روه‌ها یانه‌ی برادۆست، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌ك به‌شداره‌، بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد و به‌ ئه‌نجامی 3-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی زانكۆی جیهانی برده‌وه‌.

هه‌ردوو یانه‌ی شۆرجه‌ و بابانیش به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوون، هه‌روه‌ها یاریی نێوان گاره‌ و خانه‌قین ئه‌نجام نه‌درا.

سبه‌ی سێشه‌ممه‌ چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ له‌ خوله‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
خاك – قه‌ڵادزێ
سلێمانی – هه‌ڵۆ
برووسك – رانیه‌
رزگاری – رواندز.

ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستاندا 19 یانه‌ به‌شدارن، كه‌ به‌ شێوازی “خول” به‌ یه‌ك قۆناغ یاریی ده‌كه‌ن.

ئێستا یانه‌ی هه‌ولێر له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌یه‌ به‌ 20 خاڵ، كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ مێژووی خۆیدا له‌ پله‌ یه‌كی كوردستان به‌شداره‌، دوای ئه‌وه‌ی وه‌رزی رابردوو له‌ پله‌ی نایابه‌وه‌ بۆ پله‌ یه‌ك دابه‌زی.