ئەمساڵ زۆپا قوتابخانەکانی خەبات گەرم دەکاتەوە

“قوتابخانەکانی سنوورەکە نەوتیان وەرگرت”

میدیازان – سەعید محەمەد – هەولێر

قوتابخانەیەک لە قەزای خەبات – میدیازان

بۆ ئەمساڵ قوتابخانەکانی سنووری قەزای خەبات لەهەولێر هەر زوو نەوتیان وەرگرت و ئەم زستانە بە زۆپا خوێندکاران گەرم دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خەبات لە هەولێر نەوتی سپی بەدەست گەیشتووە و لەئێستادا دەستیکردووە بە دابەشکردنی نەوتەکە بەسەر قوتابخانەکانی سنووری قەزاکەدا.

سەنگەر عەلی، بەڕێوەبەری  کارگێڕی بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی خەبات بە میدیازانی راگەیاند، وەکو ئامادەکاری بۆ سەرما و سۆڵەی زستان دەستیان کردووە بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر قوتابخانەکاندا و سەرەتاش لە سەنتەری قەزاکەوە دەستیان پێکردووە و دواتریش قوتابخانەکانی شارۆچکە و گوندەکانی خەبات دەگرێتەوە.

بۆ سنووری پەروەردەی خەبات 162 هەزار لیتر نەوتی سپی دابین کراوە، بۆ هەر هۆبەیەک لە قوتابخانەکان 50 لیتر نەوت دابەشدەکرێت. بەڕێوەبەری  کارگێڕی پەروەردەی خەبات دەڵێت، ئەگەر قوتابخانەیەک 4 هۆبەی هەبێت 200 لیتری پێدەدرێت.

لە سنووری قەزای خەبات 165 قوتابخانە هەیە و سەنگەر عەلی بەڕێوەبەری  کارگێڕی پەروەردەی خەبات دەڵێت، هیچ قوتابخانەیەک لە نەوتەکە بێبەش ناکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو بڕە نەوتەی بەدەستیان گەیشتووە دەگاتە هەموو قوتابخانەکان.

لە سنووری قەزای خەبات نزیکەی 60 گوند هەیە و قەزاکە دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر، لەسەر رێگەی هەولێر – موسڵ بە دووری 35 کیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە هەڵکەوتووە.