خاوەن مۆلیدەکانی سلێمانی:

“لەبەر بێ موچەیی هاوڵاتیان ئەمپێرەکانیان کەم دەکەنەوە”

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بەشێک لە خاوەن مۆلیدەکانی سلێمانی دەڵێن، بەهۆی بێ موچەییەوە وایلێهاتووە هاوڵاتیان ئەمپێری کارەباکانیان کەم دەکەنەوە و چەندان خێزانیش هەن پارەی سێ تا شەش مانگی مۆلیدەیان نەداوە.

مەهدی کەریم، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و بە 964ی راگەیاند، ئەو هەموو مانگێک پارەی مۆلیدەکەی دەدات، بەڵام پێشتر شەش ئەمپێری هەبووە و ئێستا کردوویەتی بە چوار ئەمپێر.

وتیشی، “خۆم و هاوسەرەکەشم فەرمانبەرین و لەگەڵ ئەوەشدا ئیشی سەربەستیش دەکەم، بەڵام دواکەوتنی موچە وای کردووە خەرجی هەموو شتێکی ماڵ کەم بکەینەوە، بە ئەمپێری کارەبای مۆلیدەشەوە”.

لەناو شاری سلێمانی 575 مۆلیدەی کارەبای ئەهلی هەیە.

تارق سەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، کە هاوکات خاوەن مۆلیدەشە بە 964ی وت، “بە گشتی پێشتر هاوینان و زستانان هاوڵاتیان بۆ گەرمی و فێنکی ئەمپێرەکانیان زیاد دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی خراپی دابەشکردنی موچەوە نە لە هاوین و نە لە زستان ئەمپێر زیاد نەکراون و بە پێچەوانەوە ئێستا هاوڵاتیان کەمی دەکەنەوە”.

خاوەن مۆلیدەیەکی تر بە ناوی بابان زاهیر لە شاری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، خراپیی دابەشکردنی موچە وای کردووە هاوڵاتیان قەرزدار بن و چەندان خێزان هەیە لە سێ تا شەش مانگ قەرزارن.

وتیشی، “ئێمەش بارودۆخی خەڵکمان لەبەرچاوە و نایانخەینە ژێر فشارەوە”.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

شاندی هەرێم بۆ موچە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

شاندی هەرێم بۆ موچە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت