کارەبا نییە و دزەکان مەجالیان وەرگرتووە

لە پیرزین دزی لە سێ دوکان کرا

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

لە کۆمەڵگای پیرزینی پارێزگای هەولێر، شەوی رابردوو دوای کاتژمێر یەک، دزی لە سێ دوکان كراوه‌ و ژمارەیەک کەلوپەل بردراوه‌.

دزییەکان لە دوکانێکی فرۆشتنی مۆبایل و دوکانێکی فرۆشتنی نێرگلە و کەره‌ستەکانی و هه‌روه‌ها دەرمانخانەیەک بووه‌.

ئەمیر محەمەد، خاوەنی یەکێک لەو دوکانانە، بە 964ی وت، “بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر حەوت ئاگادارکرامەوە، کە دزی لە دوکانەکەم کراوە، ڤەیپ و پۆدی گرانبەها دزراوه‌، ره‌فه‌یه‌ك كه‌لوپه‌ل به‌ ته‌واوی بردراوە”.

وتیشی، دەخیلەی دوکانه‌كه‌ شکێندراوە و دزراوە، بە تێکڕایی زیاتر لە سێ ملیۆن دینارم لێ دزراوە.

لە تەنیشت دوکانی ئەمیر، دوکانی فرۆشتنی مۆبایل هەیە، بە هەمان شێوە لە هەمان کاتدا دزی لەویش کراوە.

یوسف جەمیل، خاوەنی دوکانی مۆبایلەكه‌یه‌، به‌ 964ی وت، “کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو دوکانەکەم داخست و کاتژمێر حەفت هەواڵی شکاندنی دەرگای دوکانەكه‌م پێدرا، حەوت مۆبایل و دوو ملیۆن دینارم لێدزراوە”.

بەقسەی یوسف جەمیل، بە هۆی نەبوونی کارەبا لەو کاتەدا، دزییەکان ئاسانتر کراون، چونکە هیچ کامێرایەکیان کاریان نەکردووە، یەکەم جاریشە دزی لە دوکانەکەی دەکرێت.

پەیامنێری 964 چووە شوێنی رووداوەکان و قسەی لەگەڵ خاوەنی دوکانەکان کرد، بەپێی زانیاری 964 لە هەمان کاتدا هه‌ر لە کۆمەڵگای پیرزین دزی لە دەرمانخایەک کراوە و بڕی 550 هەزار دینار له‌ ده‌خیله‌كه‌ی بردراوە.

ئه‌م دزییانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا دزی لە پێنج دوکانی بازاڕێکی گەڕەکی هەولێری نوێ کراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لەدوو شەوی رابردوو دزی لە 8 دوکانی هەولێر کراوە

لەدوو شەوی رابردوو دزی لە 8 دوکانی هەولێر کراوە