سزاکانیان چی دەبێت؟

هاتوچۆی هەولێر: ژمارەیەکی زۆری مۆڵەتی نێودەوڵەتیمان لایە نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەی

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاگاداریەکی بڵاوکردوەتەوە، داوا لەو کەسانە دەکات کە دەمێکە مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتیان کردووە و نەهاتوون بە دەمیەوە، بچن وەریبگرنەوە.

هێمن حەمەدەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی وت، ژمارەیەکی زۆری مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی لە هۆبەی مۆڵەتی شۆفیری نێودەوڵەتی ماوەتەوە و خاوەنەکانیان نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەی، هەیانە پێنج مانگە مۆڵەتەکەی تەواو بووە و نەهاتووە وەریبگرێتەوە.

بەوتەی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ئەگەر ئەو کەسانە وەرینەگرنەوە هیچ سزایەکیان تووش نابێت، هێندە نەبێت لە شوێنی خۆی کاتەکەی بەسەردەچێت و ناتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

لە رێنماییەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی هاتووە، ئەو کەسەی داوای دەرهێنانی ئەم جۆرە مۆڵەتە دەکات دەبێت مۆڵەتی گشتی یان تایبەتی هەبێت کە سێ مانگی مابێت و بەسەر نەچوبێت، هاوکات خاوەنی پاسپۆرتی عێراقی بێت و شەش مانگی مابێت و بەسەرنەچووبێت.

هەر بەپێی رێنماییەکان مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی یەک تا سێ ساڵی بکات، بۆ یەک ساڵی تێچووەکەی 50 هەزار دینارە و بۆ دوو ساڵی 100 هەزار دینارە و بۆ سێ ساڵی 150 هەزار دینارە، ئەمەش جگە لە 10 هەزار دیناری رسومات و پێنج هەزار دیناری عەریزە.