ئۆتۆمبێڵەکەیان هەڵدێراوەتە ناو بەفر

لە پرژێ بەهۆی رووداوی هاتوچۆ سێ کەس گیانیانلەدەستدا

ئاکام غەفور

بەهۆی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە سنورى باڵەکایەتى، سێ کەس گیانیانلەدەستدا و سێی دیکەش بە سەختی بریندارن.

بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964، رووداوەکە بەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بووە، رووداوەکە لە رێگاى پرژێ لە قەزاى چۆمان روویداوە، ئۆتۆمبێلێک لە جۆرى پاتڕۆڵ هەڵدێرا و کەوتە ناو بەفر، لە ئەنجامدا سێ کەس کە دو ژن و پیاوێکن، گیانیانلەدەستدا.

هەر لە رووداوەکەدا دو وپیاو و ژنێک، برینداربون و لەئێستادا بۆ چارەسەرکردن گەیەنراونەتە نەخۆشخانەى چۆمان.

964 زانیویەتى، شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکە کە لەرووداوەکەدا گیانى لەدەستداوە خەڵکى قەزاى چۆمانە و وەک رێبەرى گەشتیارى گەشتیاران دەگوازێتەوە بۆ پرژێ، پێنج کەسەکەی دیکەش گەشتیار بوون و لە نەتەوەى عەرەبن و بە مەبەستی گەشتکردن رویان لە پرژێ کردووە.

ئەحمەد حەسەن بەڕێوبەری تەندروستی چۆمان بە 964ـی وت، “سێ کەس لە رووداوەکە گیانیانلەدەستداوە، سێ کەسی تریش بریندارن و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى چۆمان.

وتیشی،”بەهۆی سەختی شوێنەکە و بونی بەفر و بەستەڵەک زۆر قورس بوو تاکو توانیمان بریندار و تەرمەکان بێنینە دەرەوە”.

پڕژێ کوێستانێکی قەزای چۆمانە، بەهۆی ئەوەی چوار وەرزەی ساڵ بەفری لێ دەمێنێتەوە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی گەشتکردن روی لێدەکەن.

پێداچونەوە، وریا فەتاح