دیمەنی سەیرانگای ئاڤا مارک - وێنە: کامەران عوسمان
لەناو خاکی عێراق
بە پشکنیکی تورکیا، پاسەوانانی سنووری عێراق دێن و دەچن
ئەحمەد مستەفا
سوپای تورکیا پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل و ناسنامەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە ناوچەی ئامێدی دەکات، ئەمە قسەی بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤە لە رێکخراوی CPTی ئەمریکی.
ئەم رێکخاوە ناوێکی دیارە و ماوەیەک، داتای پێشێلکاری و گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و کاریگەرییەکانی دەکەن.
کامەران عوسمان بەرپرسی دێسکەکەیە لەبارەی هاتوچۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق، بە 964ی وت، بارەگایەکی سەربازییان لە گوندی سیدا لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی هەیە.
بەڵام، لەکاتی تێپەڕبوونی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان یاخود بە جێهێنانی ئەرکەکانیاندا، لە بازگەیەکی سوپای تورکیا لە سنوری قەزای ئامێدی رادەگیرێن و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل و ناسنامەکانیان دەکرێت.
بازگەکەی سوپای تورکیا دەکەوێتە هاوینە هەواری ئاڤا مارک لە گەلی رێکان. کامەرانی عوسمان وتی، هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقی، بۆ گەیشتن بە بارەگاکەیان دەبێت بە بازگەکەی سوپای تورکیادا تێپەڕبب، لە مانگی نیسانەوە، هەموو جارێک سەربازانی تورکیا پاسەوانانی سنور دەپشکنن و لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەنۆڕن و ناسنامەی پاسەوانەکان لای خۆیان تۆمار دەکەن، ئینجا رێگەیان پێدەدەن کە بچنە بارەگاکانی خۆیان.
بازگەکەی سوپای تورکیا لە سەیرانگای ئاڤا مارک، بە قوڵایی 19 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان دایە، سەربازانی تورکیا لە ساڵی 2021ەوە، بەتەواوی جڵەوی سەربازی ئەو ناوچەیان لەژێر دەست دایە.