چەند وەستایەک خەریکی دروستکردنی خانووی دارن - وێنە: کۆمپانیای گەڕۆک بۆ دروستکردنی خانووی دار
زیاتر بۆ باخەکانە
لە سلێمانی خواست لەسەر دروستکردنی خانووی دار زیادی کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
لە شاری سلێمانی خواست لەسەر دروستکردنی خانووی دار زیادی کردووە و یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە دەڵێت، زیاتر لە باخەکان خانووی دار دروست دەکرێت.
فەرهاد فوئاد، خاوەنی کۆمپانیای گەڕۆک بۆ دروستکردنی خانووی دارە و بە 964ـی راگەیاند، ماوەی ساڵێکە خواستێکی زۆر لەسەر خانووی دار هەیە و خەڵک زۆر دروستی دەکات.
وتیشی، “ئێستا لە ناوشار و ناو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیشدا خواستی زۆری لەسەرە، بە تایبەت بۆ نهۆمی دووەم و سێیەم”.
بە پێی وتەی ئەو خاوەن کۆمپانیایە، لە سەرجەم شارەکانی کوردستان خواست لەسەر خانووی دار زیادی کردووە و ئەوانیش گەرەنتی 20 ساڵی دار و ئەو کەلوپەلانە دەدەن، کە بەکاری دەهێنن.
“ئەگەر کەسێک زەوییەکی 100 مەتریمان بداتێ و ئێمە هەمووی بکەین و سەقفەکەی قڕمیت بکەین و چوار ژووری لێ دروست بکەین، بڕی 30 هەزار دۆلاری تێدەچێت”، فەرهاد فوئاد وادەڵێت.