دەتوانن کارەکانیان بگۆڕن
لەمەودوا کەس بۆی نییە دارتاشی بکات
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
گوزەری دارتاشەکان لە سلێمانی لە لایەن شارەوانییەوە لابرا، لە بری دوکانەکانیان لە ناوچەی هوانە زەوییان پێدراوە و چیتر بۆیان نییە لە ناو شاردا کارگەیان هەبێت.
گوزەری دارتاشەکان دەکەوێتە سەر شەقامی کاوە لە شاری سلێمانی، یەکێکە لە گوزەرە کۆنەکانی سلێمانی، کە 14 کارگەی دارتاشیی تێدایە.
رەفیق ئەنوەر، کە لە گوزەرەکە پیشەی دارتاشە بە 964ـی وت، “سەرجەم ئەو دوکانانەی کاری دارتاشیی تێدا دەکرا، لە لایەن شارەوانییەوە ئاگادار کرانەوە دەبێت دوکانەکانیان بەجێبهێڵن”.
باسی لەوە کرد، لە بری دوکانەکانیان لە ناوچەی هوانە زەوییان پێدراوە، بۆ ئەوەی بیکەن بە دوکان بە شێوەی موساتەحە و ساڵانە دەبێت کرێ بدەن بە حکومەت.
964 لە شارەوانیی سلێمانییەوە دەزانێت بڕیارەکە هی ئەنجومەنی شارەوانییە و نابێت هیچ کارگەیەک لەناو شاردا بوونی بمێنێت.
عوسمان عارف، بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو دوکانانەی قەرەبوو نەکرابێتنەوە دەستکارییان ناکرێت و دەمێننەوە، بەڵام بۆیان نییە وەک کارگە بەکاری بهێنن.
وتیشی، “تا ئێستا 12 کەس لە گوزەری دارتاشەکان زەوییان لە ناوچەی هوانە وەرگرتوە و چوار کەسی دیکە، کە دارتاش بوون لە دارەسووتاوەکە بە هەمان شێوە زەوییان وەرگرتووە”.
بە پێی وتەی بەرپرسی زیادەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی، ئەوانەی دوکانەکانیان پێ گوازراوەتەوە دەتوانن لە شارەوانییەوە مامەڵە بۆ دوکانەکانیان بکەن تا بیکەن بە کارێکی دیکە.
کارگەکانی سلێمانی سەردانی کارەبا نەکەن بێ کارەبا دەکرێن
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد