تەنیا لە ماوەی هەش مانگدا

ئێران نزیکەی دوو ملیۆن تۆن شمەکی هەناردەی عێراق کردووە

964+

وریا فەتاح

لە 21ی ئازاری ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی مانگی یانزە، تەنھا لە دەروازەی پەروێزخانەوە، ئێران بە بەھای زیاتر لە 659 ملیۆن دۆلار شمەک و کاڵای ھەناردەی عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە.

ئاژانسی فارس نیوز لە زاری ئەسغەر عەباس، سەرپەرشتیاری بەشی گومرگی پارێزگای کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە ھەشت مانگی رابردووی ساڵی 2023، یەک ملیۆن و 882 ھەزار و 766 تۆن شمەک و کاڵا لە جۆری (چیمەنتۆ و کاغەز و میوە و سەوزە و ئاسن و پۆڵا و بسکیت و بەرھەمی پلاستیکی) لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە، ھەناردەی عێراق کراون.

تێکڕای بەھای ئەو شمەک و کاڵایانەی لەو ماوەیەدا ئێران لە رێگەی پەروێزخانەوە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانی ناردووە، بە وتەی ئەسغەر عەباس، بەھاکەی 659 ملیۆن و 887 ھەزار دۆلار بووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی سەرپەرشتیاری گومرگی کرماشان خستویەتییەڕو، قەبارەی کاڵای ھەناردەکراو لە پەروێزخانەوە بە ڕێژەی 20% لەروی بەھاییەوە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی 2022 زیادی کردووە و بەڕێژەی 34% لەڕوی کێشەوە بەراورد بە ھەمان ماوە، زایادی کردووە.