دەنگی تەقەش بیستراوە
سەرچاوەیەکی ئەمنی: بۆمب تەقییەوە و 10 کەس گیانیان لەدەستدا
راژان باجەلان
لە گوندی عەمرانییەی شارۆچکەی شارەبان، سەر بە پارێزگای دیالە، لە رووداوێکدا بۆمب بە سەیارەدا تەقیوەتەوە و باس لە گیانلەدەستدانی 10 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 15 کەسی دیکە دەکرێت.
ئەمشەو پێنجشەممە 30.11.2023، کاتێک خەڵک گوێیان لە تەقینەوەی دوو بۆمب بووە لە نزیک گوندەکە، “چوون بەدەم گیانلەدەستدان و بریندارانی رووداوەکەوە، بەڵام لە دوورەوە تەقە کراوە و لە هەمان شوێن سێ کەس گیانیان لە دەستدا و چوار کەسی تر بریندار بوون”.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە بۆ 964 پشتڕاستی زانیارییەکانی کردەوە و ئەوەشی وت، “ئەوانەی هێرشیان کراوەتەسەر کەسوکاری بنەماڵەی زەینین، کە بنەماڵەیەکی ناسراوی ناوچەکەن لە دیالە، کوڕێکیان ئەندامی پەرلەمانە و کوڕێکی دیکەیان کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان”.
ئەو سەرچاوەیە، “رووداوەکەی بە هێرشی چەکدارانی داعش زانی”، هاوکات 964 لە نەخۆشخانەی گشتیی بەعقوبە ئەوەی زانیوە، “تەرمی دە کەس گەیشتووەتە لایان و دواتر گواستراونەتەوە بۆ پەیمانگەی پزیشکی داد، هەروەها ئەو بریندارانەی هێندراونەتە نەخۆشخانەکە سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا