رێگای گوندی دێرێی سەر بەناحیەی سەرکەپکان قیرتاو دەکرێت . وێنە :بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی راپەڕین
قیرتاو دەکرێت
دانیشتوانی گوندی دێرێ کێشەی رێگاکەیان نامێنێت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
رێگای گوندی دێرێی سەر بەناحیەی سەرکەپکان لە قەزای رانیە قیرتاو دەکرێت و 50 ماڵ هاتن و چوونیان کێشەی نامێنێت.
درێژیی رێگاکە دوو کیلۆمەتر و 85 مەترە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕینەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئومێد حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی راپەڕین بە 964ـی وت، “لە 20.11.2023ـەوە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی و گوژمەی پڕۆژەکە بریتییە 210 ملیۆن و 518 هەزار دینار”.
بەڕێوەبەری رێگاوبانی راپەڕین وتیشی، “لە ئێستادا نیوەی کارەکانی پڕۆژەکە بە کۆتا گەیشتووە و لە ماوەیەکی نزیکدا رێگاکە تەواو دەکرێت و گرفتی هاتوچۆی گوندەکە چارەسەر دەکرێت”.
964 دەزانێت، بەشێکی زۆر لە رێگاکانی گوندەکانی سنووری ناحیەی سەرکەپکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و چارەسەر هەیە، بۆیە بەڕێوەبەری رێگاوبانی راپەڕین دەڵێت، “لە پڕۆژەماندایە ئەوانیش لە داهاتوودا چارەسەر بکەین”.
دێرێ گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی سەرکەپکان، قەزای ڕانیه و 50 ماڵی تێدایە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد