بۆ داعش گەڕاون

پێشمەرگە 16 کیلۆمەتری لە مەخمور کێوماڵ کرد

ژووری هەواڵ

هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو گوندی سنوری مەخمور، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان ئەنجامدا و بە پیادە و ئۆتۆمبێلی سەربازی بە 16 کیلۆمەتری ناوچەکەدا گەڕان.

ئۆپەراسیۆنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 29.11.2023، لەلایەن لیوای 21ی پیادەی پێشمەرگە لە گوندەکانی کوشاف و ئەبوشیتە ئەنجامدراوە و لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی دەستیپێکردووە و تا 12:30ـی پاش نیوەڕۆ بەردەوام بووە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، هیچ چەکدارێکی داعش لە ناوچەکە بەدینەکراوە.

“ئۆپەراسیۆنەکە لەپێناو دڵنیا کردنەوەی خەڵکی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، لە هەڕەشەکانی تیرۆریستان، ئەنجامدراوە”، وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

جگە لە چەند ناوچەیەکی مەخمور، پێنج گوندی سنووری دوزخورماتووش، کە سەرجەمیان کوردنشینن کەوتوونەتە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، مەترسی چەکدارانی داعشیان لەسەرە.

مەترسییەکانی چەکدارانی داعش لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو ساڵە بڕیاری دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش دراوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و دوورخستنەوەی ترسی داعش، بەڵام هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ دەستبەکاربوونی ئەو هێزانە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکان.