کارەکانی دەستپێدەکات

بايی پێنج ملیار دینار پڕۆژە بۆ زاخۆ و باتیفا دەکرێ

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمرۆ چوارشەمە 29.11.2023، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغە بۆ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەردوو قەزای زاخۆ و باتیفا دانا.

پڕۆژەکان بریتین لە، قیرتاوکردنی رێگا و راکێشانی تۆڕی ئاوەڕۆ لە قەزای باتیفا و ناحیەی بێگوڤا و دەرکار، دروستکردنی شەقامی 15 مەتری و چاندنی دار و روناککردنی شەقام لەسەر جووتسایدی باتیفا، هەروەها قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی “شێرخواسکێ، ئاڤهێ، بارهولێ، گوڤکێ، مێسکێ”.

گوژمەی هەموو پرۆژەکان بە پێنج ملیار و 767 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29.11.2023 شڤان عەبدی، بەرێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964 وت، “ئیدارەی زاخۆ مەبەستیەتی، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی قەزای باتیفا و ناحیەی بێگوڤا و هەروەها ناحیەی دەرکار کە ئەڵقەی پێکەوە بەستنی هەردوو قەزاکەیە بگەیەنێت”.

بە وتەی بەڕێوبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بێت، لەگەڵ دانانی بەردی بناغە کۆمپانیاکانی جێبەجێکردن دەست بە دروستکردنی دەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بەزووترین کات هەموو ئەو پرۆژانە بکەونە خزمەت خەڵکی هەردوو قەزاکە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا