وردەکاری دادگاییەکە
وردەکاری نوێ لە کەیسەکەی نەقیب محەمەد ئاشکرابوو
+964
رێژوان قادر – سلێمانی
ئەمڕۆ یەکێک لە بریندارانی کەیسەکەی نەقیب محەمەد زانیاری نوێی لەبارەی رووداوەکەوە ئاشکرا کرد، دەرکەوت پێشتر چوون تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن، بەڵام کەسێک ئاگاداری کردووەتەوەو هەڵهاتووە.
ئەمە دووەم دانیشتنی دادگاییەکە بوو، جگە لە کەسوکارەی نەقیب محەمەد ئاکام هیدایەت و رێباز عومەر دوو برینداری ئەو رووداوە لەوێ بوون.
ئاکام هیدایەت لە هۆڵی دادگاییەکە لەبەردەم دادوەر وتی “ئەو شەوەی هاوسەری یوسف سکاڵای کرد چووین بۆ شاخی گۆیژە بەدوای یوسفدا، بەڵام کەسێک ئاگاداری کردبووەو لەو شوێنە رایکرد”.
وتیشی، “دواتر شەوی 4.12.2021 خێزانەکەی دووبارە ئاگاداریکردینەوە مەترسی کوشتنی لەسەرە، بۆیە مەفرەزەیەک بە سەرپەرشتی نەقیب محەمەد چووینە گۆیژەو یوسف لەوێ نەبوو دواتر چوینە بەردەم ماڵیان لە تانجەرۆ، لەوێ باوکی …. باوکی تەقەی لێکردنین و نەقیب محەمەدی شەهید کرد و ئێمەش بریندار بووین و تەقەکەرەکانیش لە یەکێک زیاتر بوو”.
لە کاتی وەرگرتنی ئەو وتانەدا هەریەکە لە دایکی نەقیب محەمەد و خوشکەکەی بەردەوام دەگریان.
لە دانیشتنەکەدا نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەوێ بوو و سکاڵای هەبوو.
یەکێک لە تۆمەتباران لەوێ بوو بە تۆمەتی هاوکاری تۆمەتبارەکان دەستەبەسەر بوو، لە دادگا هاواریکرد ئەو هیچی نەکردووە و چەند ساڵە دەستەبەسەرە، دادوەریش وەڵامی دایەوە و وتی دانیشتنی داهاتوو قسەی تۆ وەردەگرین.
کارزان فازیڵ، پارێزەری کەیسی نەقیب محەمەد بە 964ی وت بەهۆی زۆری دۆسییەکانەوە ئەمڕۆ دادگا هەر ئەوەندە کاتی هەبوو کار لە دۆسییەکەدا بکات.
وتیشی: “هیوادارین لە دانیشتەکانی داهاتوودا دادگا بگاتە بڕیار لەسەر دۆسییەکە.
نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بوو، شەوی 4ی 12ی 2021 لەگەڵ چوار کارمەندی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چوونە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە لەسەر توندوتیژی خێزانی سکاڵای لەسەربوو، بەڵام لەماڵەکە بەر دەستڕێژی گولە دران، نەقیب محەمەد کوژراو، سێ کارمەندەکەی تریش برینداربوون، دواتر دەزگا ئەمنییەکان وتیان تەقەکەر ئەو کەسە و باوکی بوون کە تیمەکە چووبوون دەستگیری بکەن.