ژمارەیەک جوتیار لە زەوییە کشتوکاڵییەکەیاندا سەرقاڵی کارکردنن _ وێنە: 964
رووبەری چێندراو کەمبووەتەوە
رێکخراوێکی نەرویجی: جۆگا ئاودێرییەکان ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەدەن
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج، کە رێکخراوێکی ناحکومییە ئەنجامی روپێوکارییەکی ئاشکراکرد، کە نزیکەی 60%ی جوتیارانی زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق، رووبەری چێندراویان کەمبووەتەوە بەهۆی پێنەگەشتنی ئاوەوە.
رێکخراوەکە توێژینەوەکەی لە ماوەی مانگەکانی تەمموز و ئاب لە 4 پارێزگاری عێراق ئەنجامداوە، بە پشتبەستن بە ئەنجامی دروێنە و کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر خێزانەکان، لەو ماوەیەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەزار و 79 کەس ئەنجامداوە، 40%ی نموونەکە ژن بوون، و 94%ی بەشداربووان دانیشتووی ناوچە گوندنشینەکان بوون.
لە پارێزگاکانی عێراق لە نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار، بەدواداچوون ئەنجامدراوە، رێکخراوەکە دووپاتی کردووەتەوە، “چوار لە هەر پێنج کەسێک لەناو ئەو کەسانەی رووپێوییان بۆ کراوە، لە پێکهاتە کشتوکاڵییەکانی نەینەوا و کەرکوک، لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا ناچاربوون خەرجییەکانیان بۆ خۆراک کەم بکەنەوە”.
دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو بەنداوانە بەهۆکار دەزانن کە تورکیا و ئێران لەسەر رووباری دیجلە و فورات دروستی کردوون، لە کاتێکدا رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی “بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان”ی لە وڵاتەکەدا خستە ئەستۆی حکومەت، هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “نزیکەی 70%ی ئەو جوتیارانەی کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە” وتوویانە “ئاودێری جۆگا بەکاردەهێنن”، شێوازێک کە زۆرترین ئاوی تێدا بەفیرۆ دەچێت.