لە گوندێکی شیلادزێ
کارەبایان بۆ خۆیان دروستکردووە و منەتیان بە کەس نییە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆك
چەند ماڵێک لە گوندی بیرێ له ناحیەی شیلادزێ، ماوەی سێ ساڵە کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ خۆیان دروست کردووە و حهساونهتهوه.
ئەوان کارەباكهیان لە گوندهكهیان لهسەر زێی گهوره دروست کردووە لە رێگای رەوڕەوە، دوو پرد، کۆمەڵێك کەلوپەلی سادە، ئێستا چوار ماڵ لە کارەبایەکە سوودمەندن، هەر ماڵەی نزیکەی 10 ئەمپێر کارەبای بۆ دەچێت.
ئەبوزەید یوسف، هاوڵاتییەکی گوندی بیرێیە، بە 964ـی وت، سێ ساڵه سوود لەو کارەبایە وەردەگرن، پێشتر 10 ماڵ لە کارەباکە سوودمەند بوون، بەڵام بە هۆی چەند کێشەیەک ئهو ماڵانهی سوودیان له كارهباكه وهردهگرت، کەمبوونەوە.
وتیشی، ئهو كارهی ئهوان كردوویانه 40 ئەمپێر کارەبا بەرهەم دەهێنیت.
“لە ساڵی 1996 بۆ یەکهمجار توانیمان ئامێرێکی بچووکی بهرههمهێنانی کارەبا دروست بکەین، بهڵام کارەبایەکی کەمی بەرهەم دەهێنا، بەهۆی نەبوونی پارە نەمانتوانی ئەو کات گەورەی بکەین، لە ساڵی 2017 تا 2020 پرۆژەکەمان گەورە کرد و نزیکەی 31 ملیۆن دیناری تێچووه”، ئهبوزێد یوسف وای وت.
بە قسەی ئەو هاوڵاتییە، لە وەرزی زستان تا مانگی ئادار کارەبا زۆرباشە، بەڵام لە هاویناندا بە هۆی کەمبوونی ئاو کارەباكهی ئهوانیش کەم دەبێتەوە.
گوندی بیرێ نزیکی 100 ماڵ لێیە و دوو کیلۆمەتر دوورە لە سەنتەری ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا