هەواڵەکان؛

دووکەڵى شەڕ لە ئاسمانى کوردستانە و قەیرانى غاز بوتڵ دزینیشی تێکەوت

ژووری هەواڵ

33 رۆژە ئاسمانی کوردستان رەنگی دووکەڵی گرتووە، شەڕێک کە هەرێمەکە تێیدا “بێلایەنە” و چەند جار بێبەریبوونى خۆى دەربڕیوە، بەڵام “باجەکەی” بە ماڵ و سامانی هاوڵاتیانی دەدات.

کورد دەڵێت، “برا لە پشت برا بێت مەگەر قەزا لەلاى خودا بێت”، ئەمە رێک بۆ ئێستا حاڵى کورد راستە، ئەوکاتەى مەترسى لەسەر رۆژئاواى کوردستان بوو، کوردان لە باشور و تاراوگە شەقامەکانیان داپۆشى تا ئەو کاتەیى رۆژئاوا گەیشتە کەنارى ئارامى، ئەمڕۆش کە باشور لەژێر هێرشى درۆن و موشەکە، رۆژئاوا بۆ پشتیوانى لەسەر پێیە.

قەیرانى غاز قوڵتر دەبێتە و پەلاماردان و بوتڵ دزینى تێکەوت، هێمن عەبدوڵا بریکارێکى غازە، لەشارى سلێمانى، بە 964ـى وت،”لە کاتى دابەشکردنى غاز، لە لایەن ژمارەیەك کەسەوە پەلاماری خۆم و ئۆتۆمبێلەم دراوە، نۆ بوتڵ غازیان لێ بردووم”.

بارانى رەحمەتى ئەمساڵ هەر کانیاو و سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکانى نەبوژاندووەتەوە، ئەوەتا لە گەڕەکی ئاشتیی شاری سلێمانی، هەڵقوڵانى کانییەک لەبەر دەرگاى ماڵێک، خاوەن ماڵێک و گەڕەکەکەی تووشی سەرسوڕمان کردووە کانییەکە ئاوێکى سازگارى لێ دەڕژێت و شۆستە و شەقامى گەڕەکەکەى تەڕ کردووە.