شارەوانی دهۆک دەیەوێ 28 دوکانی پیشەسازی کۆن بروخێنێت. وێنە :964
"زیانمەند دەبین"
لە دهۆک 28 خاوەنکار نایانەوێ بە قسەی شارەوانی بکەن
964+
زەید کۆچەر _ دهۆک
لە پیشەسازی کۆنی بەرۆشکێ، تەنیا 28 دوکان شوێن کارەکانیان نەگواستووەتەوە بۆ پیشەسازی نوێی ئالۆکا، ئەوان لە میکانیزمی قەرەبووەکە نیگەرانن و نایانەوێ بە قسەی شارەوانی بکەن.
ئەو دوکاندارانە پێشتر یەک دوکانیان بە بڕی 25 دەفتەر دۆلار کڕیوە، ئێستا دوکانێکی 50 مەتری چوارگۆشەیان وەک قەرەبوو لە ناوچە نوێیەکەی پیشەسازی بۆ دیاری کراوە و پێیان دەدرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.11.2023، رەمەزان تاهیر، کە یەکێکە لەو خاوەن دوکانانە بە 964ی وت، “شارەوانی دهۆک دوێنی یەکشەممە هاتوون و بە ئێمە دەڵێن، دەبێت دەرچن و ئەم دوکانانەی ماون تێکدەدرێن، ناوچەکەتان دەکرێتە پارکێکی گەورە و ئێوە بوونەتە رێگر لە بەردەم پڕۆژەکەدا”.
بە وتەی ئەو دوکاندارە بێت، دوکانەکەی بە رەسمی و باج کڕیوە و بە کاش بڕی 25دەفتەر دۆلاری داوە، ئەو وتی، “کەچی دوکانێکیان داوە بەمن 50 مەتر چوارگۆشەیە و تەنیا بەشی نوسینگەکەی خۆشم ناکات، بۆیە هیچ قبوڵمان نییە بەو جۆرە بگوازینەوە”.
لە بارەی داواکاری ئەو خاوەن کارانە، نزار زوهێر، بەرپرس هۆبەی یاسایی لە سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت، “قەرەبووی هەموو خاوەنکارەکان کراوەتەوە، راستە هەموویان وەکو یەک نین، بەڵام بە گوێرەی یاسا کاتێک ناوچەی پیشەسازیی دەگوازرێتەوە، دەبێت شوێنی کار بۆ خاوەنەکەی دابین بکرێ نەک زەوی، بڕیارەکەش وەکخۆی جێبەجێ دەکرێ”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا