کولەکەی گەورەی ناوچەی سۆران . وێنە :964
بە چوار شێواز ئامادەکرێ
لە سۆران کولەکەی کوڵاو خواستی خەڵکی لەسەرە
964+
ئاکام غەفور _ سۆران
بە دەم وەرزی زستانەوە دەچین و کولەکەی (کودی) خواستی زۆر لەسەر دروست بووە، لە ئیدارەی سۆران بەشێکی زۆر لە خەڵکی بۆ ژەمی ئێوارە کولەکە ئامادە دەکەن جگە لە تامەکەی تەندروستیشە.
چەندین شێوازی بۆ ئامادەکردنی کولەکە هەیە، باوترینیان کولەکەی بە شەکر، کولەکەی بە هەنگوین،کولەکەی بە دۆشاوە، بەشێک لە خەڵکیش دەیکەن بە مرەبا و بۆ کفتە دروستکردن بەکاریدەهێنت.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.11.2023، نیاز سادق کولەکە فرۆشێکی سۆرانە ئەو بە 964ـی وت، “ئێستا کاتی کولەکەیە، خواستێکی زۆری لەسەرە و خەڵکێکی زۆر دەیکڕن، بەشی زۆری ئەو کەسانەی کولەکەم لێ دەکڕن دەڵێن بۆ کوڵاندنمانە، و نرخەکەشی یەک کیلۆی بە 750دینارە”.
بە وتەی ئەو فرۆشیارە بێت، کولەکەی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەهێنرێتە سۆران و ساغدەکرێتەوە، محەمەد رەفیق پیاوێکی بە تەمەنی سۆرانە بۆ 964 ئەوەی خستەڕوو، “هەر لە کۆنەوە کە زستان هات ئیتر هەموو شەوێک کولەکەی کوڵاو یەکێکە لە خوانەکانی شەوانم، خواردنێکی خۆشە، ناهێڵم لە ماڵەوە لێمان ببڕێت و هەموو کات دەیکڕم”.
بە گوێرەی توێژینەوەکان بێت، له رووى تهندروستییهوه کولەکە سوودێكی زۆرى ههیه، یارمەتی زیادکردنی خرۆکە سپییەکانی خوێن دەدات، هەوکردن کەمدەکاتەوە و بەرگری لەشیش بەهێز دەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا