دیمەنی بەشێکی پارکی هەواری شار لە سلێمانی - وێنە: 964
لە دوو رۆژدا هەزار نەمام رووێندراوە
هەواری شار زیاتر سەوز دەکرێت
پێشەوا محەمەد
هەڵمەتی زیاتر سەوزکردنی پارکی هەواری شار لە سلێمانی راگەیەندراوە و بەڕێوەبەری پارکەکە دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە هەزار نەمامیان روواندووە.
964 لە بەڕێوەبەری پارکەکەوە دەزانێت، پلانیان هەیە ئەمساڵ بەشێکی پارکەکە بکەن بە داری زەیتوون.
فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، ئێستا وەرزی روواندنە و ئەمساڵ دەیانەوێت رێژەیەکی زۆری نەمام لە پارکەکەدا بڕوێنن.
وتیشی، “بە گشتی سنەوبەر دەڕوێنین، ئەو دارانەی وشک بوون لایان دەبەین و هی نوێ دەڕوێنین، ئەو شوێنانەی کە بۆشاییشن و داریان تێدا نییە بە هەمان شێوە سەوز دەکرێن”.
پاركی هەواری شار، لە سەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی و زیاتر لە سێ هەزار جۆر نەمام و گوڵی تێدا روێندراوە.
“بۆ سیاجی پارکەکەش بە هەمان شێوە ئەمساڵ هەموو جۆرەکانی سنەوبەرمان ئامادە کردووە و بە چواردەوریدا دەیڕوێنین”، ئەوەش قسەی فەرەدوون عومەرە.