نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید - وێنە: 964+
بە شێوەی کاتی دەرزییەکە نەماوە
بۆ دەرزیی گەشە مەچنە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی
پێشەوا محەمەد
نەخۆشخانی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەرزیی گەشەیان نەماوە و داوا لە دایکان و باوکان دەکات تا هاتنەوەی دەرزییەکە سەردانیان نەکەن.
لە نەخۆشخانەکە ئەو دەرزییە بێبەرامبەر دەدرێت بەو منداڵانەی پێویستیان پێیەتی و ناوبەناویش ئەو دەرزییە لە نەخۆشخانەکە نامێنێت.
وەک پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بۆ 964ـی روونکردەوە، وەک هەموو جارەکانی تر بە شێوەی کاتی ئەو دەرزییە نەماوە و لە ماوەی دوو هەفتە بۆ نزیکەی دوو مانگ لە بەغداوە بۆیان دێت و ئەوکات بانگەوازی بۆ دەکەنەوە.
وتیشی، “زیاتر لە 500 منداڵ لە نەخۆشخانەکەیان لەو دەرزیی گەشەیە سوودمەند دەبن”.
بە پێی بەدواداچوونێکی 964، دەرزیی گەشە لە دەرمانخانەکانیشدا دەستدەکەوێت نرخی هەر دانەیەک بە زیاتر لە 100 هەزار دینارە.