لالیگای ئیسپانیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ـی كانوونی یه‌كه‌م، یارییه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی ئیسپانیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای وه‌ستانی زیاتر له‌ مانگێك به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی مۆندیالی قه‌ته‌ڕه‌وه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ئه‌نجامدانی سێ یاری، خولی ئیسپانیا “لالیگا” ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و یارییه‌كانی گه‌ڕی 15 به‌ڕێوه‌ده‌چن.

له‌ یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا “جیرۆنا – رایۆڤاییكانۆ”، “ریال بێتیس- ئاتلێتیك بیلباو” و “ئاتلێتیكۆ مه‌درید – ئێلچی” رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

یارییه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌ سبه‌ی و هه‌روه‌ها دووسبه‌ی درێژه‌یان ده‌بێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگه‌كانی له‌دایكبوون و سه‌ری ساڵی نوێیه‌وه‌.

یانه‌ی ریال مه‌درید، كه‌ پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووه‌ و ئێستا له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌یه‌، سبه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی ڤایادۆلید یاریی ده‌كات.

هه‌روه‌ها یانه‌ی بارسێلۆنا، كه‌ ئێستا له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌، رۆژی شه‌ممه‌ له‌ دێربیی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا و له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئیسپانیۆڵ یاریی ده‌كات.

خولی پله‌ یه‌كی ئیسپانیا به‌ به‌شداریی 20 یانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و یانه‌ی ریال مه‌درید زۆرترین جار نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، كه‌ 35 جاره‌.