ئەمساڵ بایی 16 ملیار دۆلار خۆراک و کاڵا ھاوردە کراوە

ئەمساڵ هەرێمی کوردستان نانی تیری هەناردە کردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە ساڵی 2022دا زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن خۆراک و کاڵا بە بەهای نزیکەی 16 ملیار دۆلار ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراوە، خۆراک پلەی یەکەمی گرتووە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ی کانوونی یەکەم، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و هەناردەکارانی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ بڕی یەک ملیۆن و 147 ھەزار و 434 تۆن خۆراک و کاڵا ھاوردەکراوە و کاڵاکانیش بە پلەی یەکەم لە تورکیا و بە پلەی دووەم لە ئێرانەوە ھاوردەکراون.

لەنێو ئەو شتومەکانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، خواردن و خواردنەوە لە پلەی یەکەمدا دێن و لە پلەی دووەمیشدا کەرەستەی بیناسازی دێت، کە زۆرترین رێژەیان لێ هاوردە کراوە.

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا ئاماری ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان دراوە بە بازرگانان.

“ساڵی 2022 لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن بە بەهای 15 ملیار و 403 ملیۆن و 480 هەزار دۆلار دراوە، زۆرترین مۆڵەت لە مانگی 12ی ئەمساڵ بووە، کە 342 مۆڵەتی هاوردەکردن بووە و کەمترین مۆڵەتیش لە مانگی ئەیلوول وەرگیراوە،” مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان وای وت.

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران ئاماری هەناردەکردنیشی خستەڕوو، وتی، 295 مۆڵەتی هەناردەکردن دراوەتە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، کە زۆرترینیان لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بووە.

ئەو بەرهەمانەی هەناردەکراون پێکهاتوون لە نانی تیری و هەنار و بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵی و رۆنی ئۆتۆمبێل و چەندین بەرهەمی دیکە.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان زیاتر وتی، “ئەمساڵ 298 مۆڵەتی هاوردەکردن دراوەتە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کە 120 مۆڵەتیان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بووە و 18 مۆڵەت لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، 22 مۆڵەت لە دەروازەی باشماخ و پێنج مۆڵەتیش لە فڕۆکەخانەی هەولێر دراوە.”