دانیشتنەکە لە دوبەی دەبێت

مانگی داهاتوو بانکی ناوەندی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکی کۆدەبێتەوە

فەهمی نەبی

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، مانگی داهاتوو لە دوبەی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکی کۆدەبنەوە و تا ئێستا یەدەگی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریکا وەڵامی پێویستیەکانی عێراقیان بۆ دۆلار داوەتەوە.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەمڕۆ هەینی لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووە، پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە سەرەتای ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت و هاوکات رۆڵی بانکی ناوەندی کەمدەکرێتەوە.

لە گفتوگۆکە پارێزگاری بانکی ناوەندی دەڵێت، “سەرکەوتوو بوین لەوەی 40 بانکی عێراقی ببەستینەوە بە بانکە هاوشێوەکانیان لە جیهان، هاوکات کردنەوەی حساب بۆ بانکە عێراقیەکان یەکەمجارە روودەدات”.

سەرکەتوو بووین بە بڕیاری هاوردەکردنی یەن و یۆرۆ، هەفتەی داهاتوو هاوردەکردن بە درهەمی ئیماراتی دەستپێدەکات. پارێزگاری بانکی ناوەندی وا دەڵێت

عەلی عەلاق دەڵێت، “لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بانکەکانیان بە یۆرۆ مامەڵە بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەژماری عێراقی لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات دەستمان کردووە بە دابینکردنی دۆلار”.

بەوتەی پارێزگاری بانکی ناوەندی بێت، حکومەت کار لەسەر ئەو ئەڵقانە دەکات کە فشار دەخەنە سەر دۆلار هاوکات حکومەت لە هەنگاوی جێبەجێکردنی تەواوی قەدەغەی مامەڵەکردنی بازارە بە دۆلار.

نزیکەی ساڵێکە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق کەوتوونەتە خۆ بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی گەنجینەی ئەمریکی دروستی کردووە لەسەر عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی راگەیەنرا رۆژانە رێژەیەکی زۆری دۆلار لە عێراق دەچێتە وڵاتانی دەوروبەر.