ئەمساڵ 70 شوێن لە کەلار داخراون

 964+
میلاد جەلال – کەلار

لە ماوەی ئەمساڵدا لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی کەلار، بە بڕی 36 ملیۆن و 558 ھەزار دینار غەرامەی شوێنکارەکانیان کردووە و 70 شوێنیش داخراون.

لیژنەکە لە نوێنەری ھەریەک لە قایمقام و تەندروستی و ڤێترینەری و ئاساییش پێکدێت، سەردان و پشکنین بۆ 22 ھەزار و 280 شوێنکار کراوە.

ھەردی سەرکەوت، وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای کەلار بە 964+ی راگەیاند، “لیژنە ھاوبەشەکانیان لە ماوەی یەک ساڵدا لە سنوری قەزای کەلار توانیویانە لە کۆی دوو هەزار و 730 دەرچوون دەستبگرن بەسەر هەشت تۆن و 476 کیلۆ خۆراک و کاڵای ماوە بەسەرچوو، ھەروەھا 49 تۆن و 900 کیلۆ لەلایەن خاوەنکارەکانەوە رادەستیانکراوە.

وتیشی، لە سەردانەکانیان ھیچ دەرمانێکی بەسەرچوویان نەبینیوە، بەڵام لەلایەن خاوەن دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمانەوە 27 تۆن و 22 ھەزار و 650 پارچە دەرمانیان رادەستکراوە.

وتەبێژەکەی قایمقامیەت ئاماژە بەوە دەکات، 808 شوێنکار بە پێبژاردنی مادیی سزادراون و 70 شوێن داخراون، ھەروەھا دۆسیەی سێ شوێنکاریشیان تا ئێستا لە دادگایە و بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە، کۆی داھاتی لیژنەکەش لە پێبژاردنی شوێنکارەکان 36 ملیۆن و 558 هەزار دینار بووە.

بەھۆی ئەوەی لە گەرمیان ھیچ کارگەیەکی ریسایکلین “دووبارە بەرھەمھێنانەوە” نییە، ئەو پێداویستیانەی کە دەستی بەسەردا دەگیرێت دەسوتێندرێت و دواتر چاڵیان بۆ ھەڵدەکەندرێت و لەژێر خۆڵ دەشاردرێنەوە.