باسی دزینی گۆرانی دەکات

“حەزناکەم گۆرانیەکانم کە کولتوور و نەریتی کوردی دەربچێت”

دیلان محەمەد

هونەرمەند سەنگەر کەمال بەمزووانە گۆرانییەکی سابیر کوردستانی نوێ دەکاتەوە و دەشڵێت حەزناکەم گۆرانیەکانم لە کولتوور و نەریتی کوردی دەربچێت.

سەنگەر کەمال زیاتر بە ستایلی گۆرانی شادی و هەڵپەرکێ ناسراوە و جگە لە بەرهەمی تایبەتی خۆی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکانی نوێ دەکاتەوە و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 دەڵێت، پێوەری من بۆ هەڵبژاردنی گۆرانیەکانم گونجانە لەگەڵ دەنگی من، چونکە زۆر گۆرانی بۆ من نابێت و نامەوێت تێکی بدەم.

هاوکات سەنگەر کەمال باس لەوە دەکات، سەرقاڵی نوێکردنەوەی بەرهەمێکی کۆنی هونەرمەندی کۆچکردوو سابیر کوردستانیە و بەمزووانە بڵاوی دەکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی نایەوێت کارەکانی لە کولتوور و نەریتی کوردی دەربچێت.

ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆرانیبێژە کوردەکان بەرهەمی هونەرمەندانی کورد و وڵاتانی دیکە دەڵێنەوە و هەندێکیان راوێژیش ناکەن، لەمبارەیەوە سەنگەر کەمال دەڵێت “ئەوەی بەبێ پرس بەرهەمی هونەرمەندێک دەڵێتەوە، لەگەڵ دزی فەرقی نییە”

پێداچوونەوەی : پەری ساڵح