بەڵام بێ مەرج نییە
لە پێنجوێن بەبێ بەرامبەر دار توو وەربگرە و بیچێنە
964+
ئەحمەد مستەفا
دانیشتووانی پێنجوێن ئەگەر نەمامی توو- یان دەوێت، دەتوانن تا کاتژمێر 9:00ی ئەمشەو سێشەممە، پەیوەندی بە گروپی نەمامەوە بکەن، تا بەبێ بەرامبەر بۆیان دابین بکەن.
گروپی نەمام لە پێنجوێن، ماوەی پێنج ساڵە داری توو دەچێنن، ئەوان تا ئێستا 17 هەزار دار توو – یان لە قەزای پێنجوێن چاندووە، گروپەکە ماوەی پێنج ساڵە دامەزراوە، سەرەتا چەند کەسێک بوون، بەڵام ئێستا وەک سەرپەرشتیاری گروپەکە دەڵێت، ژمارەیان 80 خۆبەخش دەبێت.
ئەوانەی لە گروپی نەمام ئەندامن مامۆستا، پۆلیس و کەسایەتی قەزای پێنجوێنن، بەقسەی غەریب ئەحمەد سەرپەرشتیاری گروپ بێت کە قسەی بۆ 964 کردووە، خەونی ئەوەیان هەیە لەو ژمارە دار تووەی چێندراون هەر کەس و لایەنێک بێت، کارگەیەکی دۆشاوی توو دروستبکات، تا بەهۆیەوە خەڵک سوودمەند بێت.
بەرهەمی کشتوکاڵی پێنجوێن زیاتر لە 280 هەزار تۆنە بۆ ئەمساڵ
ئەو گروپە لە ئاگاداری نامەیەکدا ئەوەی نوسیوە، بە مەبەستی خزمەتکردن بە قەزای پینجوێن و سەوزترکردنی ژینگەکەی، گروپی نەمام هاوڵاتیانی پێنجوێن و دەوروبەری ئاگادار دەکات، کە ئەمساڵیش وەک پارساڵ ژمارەیەک (نەمامی توو) هاوردە دەکەین و بێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیان دابەشی دەکەین.
ئەو گروپە داوایکردووە، هەرکەس خوازیارە بۆ وەرگرتنی نەمام، با لە ئێستاوە پەیوەندی بکات بە مامۆستا غەریب ئەحمەد، سەرپەرشتیاری گروپەکەوە بە ژمارە تەلەفۆنی(07501119797)، کە مەرجی وەرگرتنی نەمام ئەوەیە ئەو کەسە دڵنیایان بکات، کە خۆی ئەرکی ناشتن و ئاودان و پاراستنی لە ئەستۆ دەگرێت.