گۆشتی هیندیش دۆزراوەتەوە

لە ماڵێکدا بڕی تۆنێک و 400 کیلۆ جگەری قەدەغەکراو دۆزرایەوە

ژووری هەواڵ

قایمقامیەتی سلێمانی، لە ماڵێکدا دەست دەگرێت بەسەر بڕێکی زۆر جگەری بەستوی مریشک و گۆشتی هیندی و قیمەی قەدەغەکراودا و لەناوی دەبات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19.11.2023، قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر بڕی یەک تۆن و 400 کیلۆ جگەری بەستوی مریشک کە بە رێگەی نایاسایی هاوردە کراوە و لەنێو ساردکەرەوەدا، لە ماڵێکدا دۆزراوەتەوە.

جگە لە جگەر، لەنێو هەمان ماڵدا، 380 کیلۆ گۆشتی هیندی قەدەغەکراو و 70 کیلۆ قیمە دۆزراوەتەوە.

“تەواوی جگەرە بەستوەکە و گۆشتی هندی و قیمەکە رەوانەی بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی کراوە بۆ لەناوبردن و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکان دەکرێتەوە”، قایمقامیەتی سلێمانی وا دەڵێت.

بە فەرمانێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك مامەڵكردن و كڕین و فرۆشتنی جگەری بەستوو لە سەرجەم بازاڕ و دوكان و بازگە و شەقامەكانی هەرێمی كوردستان قەدەغەكراوە و هەركەس بازرگانی پێوە بكات سزادەدرێت.