شوێنی جووەكانی خانەقین بووەتە ئاسەوار

964+

راژان ماجد – خانەقین

ڤیدیۆ

دوای سەدان ساڵ هێشتا ئاسەواری گەڕەکی جوو نشینەکانی خانەقین لە شارەکە ماوە، بەڵام بەشێکیان بوون بە شوێنی نیشتەجێبوونی مسوڵمانان و مەزهەبەکانی دیکە.

جووەكان، یەكێك لە گرنگترین پێكهاتەكانی شاری خانەقین بوون لە سەدەكانی پێشوو كە شان بە شانی مسوڵمان و مەسیحییەكان گوزەرانیان كردووە، تا ئێستا زۆربەی ماڵ و شوێنە تایبەتەكانیان لە جێی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام بە خاوەنداریی كەسانی تر.

جووەكان لە سەدەی پێشووەوە بەهۆی سیاسەتی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە خانەقینیان جێهێشتووە، خانوو و زەوی و زارەكانیان كەوتوونەتە دەستی خەڵكانی تری مسوڵمان.

حاجی جەمال دانیشتوویەکی گەڕەکی تێل خانەیە، ئەو بە 964+ی وت، “زۆربەی ماڵەکانی گەڕەکی تێل خانە هی جووەكان بووە، بەڵام بە بڕیاری حکومەتەکانی پێشووتری عێراق لێیان سەندراوە و بوون بە موڵکی خەڵکی دیکە.”

پێشتر جووەكان خانەقین بە زۆری لە گەڕەكەكانی عەبدوڵا بەگ، تێل خانە، جەلەوە و حەمیدییە بوون.

لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا تاکە پەرستگای جووەكان رووخێنرا و خەڵکی رەسەنی شارەکە هەرکات لە ناو بازاڕ بە پشت مزگەوتی موستەفا بەگدا تێپەڕ بن دەزانن ئەو شوێنە پەرستگایەکی جوو بووە.

ئێستا ئەوەی ناوی جووەكانی لە خانەقین بەزیندوویی هێشتووەتەوە فلکەی كرندی-یە، كە بە ناوی گەورە بازرگانی جوو ناونراوە و لەو كاتەدا كە ناوی ئیسحاق كرندی بووە.