کۆڵبەرەکانی سەر سنوور. فۆتۆ ئاژانسی ئانادۆڵو.
سیانی دیکەش کوژراون
دوو هەفتەی رابردوو 40 کۆڵبەر بریندار کراون
پێشەوا محەمەد
بە پێی زانیاریی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 40 کۆڵبەر بریندار کراون و سێ کۆڵبەریش کوژران.
رێکخراوەکە کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە راپۆرتەکەیدا، کە رۆژی هەینی 17.11.2023 بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، سەرجەم بریندار و کوژراوەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە زۆرترین کۆڵبەر بوون بە قوربانی لە چاو سەرجەم مانگەکانی ئەمساڵەوە.
“کۆڵبەرەکان لە سنووری بانە و کرماشان و نەوسوود بریندار کراون و کوژراون و سەرجەمیشیان بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکراوە”، راپۆرتەکەی هەنگاو وادەڵێت.
کۆڵبەری کارێکە دانیشتوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیان پەنای بۆ دەبەن و کەلوپەلی پێویست لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە رێگای شاخاویدا دەبەنە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.