گەڕەکەکەی خۆیان شەبەکەی نییە

لە تەوێڵە 30 ماڵ بەهۆی دیوارێکەوە سەیری کەناڵە کوردییەکان دەکەن


ئەحمەد مستەفا

دیوارێک لە تەوێڵە بووە بە خێر بۆ نزیکەی 30ی ماڵی شارەدێیەکە، تا سەحنی سەتەڵایتەکانی لەسەر جێگیربکەن و لە رێگەیەوە بینەری کەناڵە کوردییەکان بن.

تەوێڵە خۆی لە سێ گەڕەکی سەرەکی پێکهاتووە، (چلانە، هانە سوسو و ماڵێدەر)، ماڵەکانی چلانە کە نزیکەی 30ی ماڵن، بەهۆی هەڵکەوتەی نیشتەجێبوونیان لە قەدپاڵی شاخی گاوران و ڤی سورە، سەحنی سەتەلایتەکانیان شەبەکەی نییە.

ناچار، 40 تا 50 مەتر لە دووری ماڵەکانیان سەحنیان لەسەر دیوارێکی راگر جێگیرکردووە، کە لەو شوێنەدا شەبەکە “سیگناڵ”ی دەبێت.

مام فاتیح سەلیم، کە دانیشتووی شارەدێکەیە وتی، “لە پاش ساڵی 2003-وە خەڵکی ئەو گەڕەکە بەوجۆرە توانیویانە کەناڵەکان ببینن، وە کەناڵە ناوخۆییەکانیش تەنیا بە ئینتەرنێت دەتوانی ببینیت بە مەجەرێک شەبەکە هەبێت”.

تەوێڵە خاوەنی نزیکەی 1000 ماڵە، بەڵام تەنیا 600 ماڵیان لە زستاندا لەوێ دەمێننەوە، کڕێوەیە و بەرگە گرتنی ئاسان نابێت، مام فاتیح و جیهاد غالب دانیشتووی تەوێڵەن، دەڵێن، “تەوێڵە بە گشتی سەیری هەواڵ دەکەن، جاری وا هەیە مەترێک بەفر دەبارێت بەس بۆ هەواڵەکان هەموو سەحنەکان پاک دەکەینەوە”.

میقداد عوسمان، وەستای بەستنی سەتەلایتە، ئەو بە 964ی وت، کۆمەڵەی نایلسات، کە زۆرینەی کەناڵە کوردیییەکان لە رێگەیەوە پەخش دەکەن، لە جوگرافیای جیاواز و سەر سنورەکاندا دۆزینەوەی سیگناڵەکەی ئاسان نییە، زۆرجارش تیشک دانەوە یان بەربەستەکان، هاوکار نابن تا بە رادەیەکی بەرز سیگناڵەکان بۆ سەحنەکان دەستبخەین”.

لە سەنتەری هەڵەبجەوە، بە دووری 20 کیلۆمەتر تەوێڵە، کەوتووەتە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە، خاوەن مەرزی شوشمێ و سەیرانگە پڕ لە گەشتیارەکەی ئاوێسەرە، هاوسنورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.