لادانی بەربەستێک بۆ کردنەوەی رێگەکە. فۆتۆ: دەروازەی پەروێزخان
رێککەوتن لەگەڵ ئێران کراوە
لە پەروێزخان رێگەیەکی فەرمی بۆ کۆڵبەران دەکرێتەوە
ژووری هەواڵ
بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان “رێککەوتون” کە رێگەی کۆڵبەری لە دەروازەی تیلەکۆ بکرێتەوە و چیدیکە کۆڵبەرەکان بە رێگەی قاچاغ و نایاساییدا بارەکانیان نەگوازنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023 بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاویکردووەتەوە، بڕیاردرا لە حەفتەی ئایندەدا رێگای کۆڵەبەری لە دەروازەی تیلەکۆ بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 15.11.2023، عەباس ئیسماعیل عەلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان، سەردانی دەروازەی تیلەکۆی کردووە و لەوێ لەگەڵ قایمقامی سەرپێڵ زەهاو و بەرپرسانی دەروازەی تیلەکۆ، لە دیوی ئێران کۆبووەتەوە و ئەو رێککەوتنە کراوە.
رۆژێک پێش کۆبوونەوەکەی چوارشەممەش، هەمان وەفدی ئێرانی سەردانی دروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیان کردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەروازەکە لەسەر هەمان کوبوونەتەوە و “رێککەوتوون”.
مەرزی تیلەکۆ دەکەوێتە سنووری ناحیەی مەیدان و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، یەکێکە لەو دەروازانەی لە رێگەیەوە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری دەکرێت و لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.