رەوشیان باش نییە

زانیاری نوێ لەسەر برینداربوونی 11 قوتابیەکەی ئاکرێ

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بەیانی ئەمرۆ لە دووڕیانی گوندی ئامادی خوارووی ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ ئۆتۆمبێلیکی قوتابیان وەرگەڕا و 11 کەسی تێدا بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ.

بە پێی قسەی تەندروستی ئاکرێ رەوشی قوتابییە بریندارەکان باش نییە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

کاروان زێوەر بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی ئاکرێ بە 964ی وت، بەیانی ئەمرۆ لە دووڕیانی گوندی ئامادی خواروو لە ناحیەی دینارتە ئۆتۆمبێلیکی جۆری “کیا سپۆرتاج” 10 قوتابی سەرخستووە و بە شۆفێرەکەوە 11 کەس بوون و وەرگەڕاوە و هەموویان بریندارن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

نیچیرڤان فەخرەدین هەرکی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، قوتابییەکان و شۆفێرەکەش تەندروستیان باش نییە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان، قوتابییەکان تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 18 ساڵیدایە.

وتیشی، ئیستا دوو قوتابییان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی پاریزگای دهۆک کراون و دوو قوتابی دیکەیان نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت لە ئاکرێ و ئەوانی تریش هەموویان شکانیان هەیە لە سەر و لەقاچ و لە شوینی دیکە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی