وەزیرى پلاندانانی هەرێم وا دەڵێت

کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لە کوردستان دەرکەوتوون

ژووری هەواڵ

بە وتەی وەزیری پلاندانانى حکومەتى هەرێم، کاریگەرییە خراپەکانی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 13.11.2023، لە مەراسیمى راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌كانى پڕۆژه‌ى “رووپۆش و به‌كارهێنانى زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان”، وەزیری پلاندانان رایگەیاند، سەدان خێزان بەهۆى وشکە ساڵییەوە لە باشورى عێراق ناچاربوون کۆچ بکەن و کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانەی کەشوهەوا بەسەر هەرێمیشەوە دەرکەوتوون.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتیشی، سەرەڕای کەمی داهاتەکان و كێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە، کاریان بۆ دروستکردنی بەنداوی بچووک و پۆند کردووە، ئەوەش بە ئامانجى کۆکردنەوەی ئاوی باران و کانیەکان، تا بەفیڕۆ نەچن.

لە بارەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لەسەر هەرێمى کوردستان، وتى: پێویستە رێگەى زانستى بۆ رووبەڕووبوونەوەى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى و گۆڕانى کەشوهەوا بگیرێتەبەر، ئەوەش بۆ ئەوەى ئاییندەی نەوەکانمان لە هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێر بارودۆخێکی خراپەوە.